top of page
ku.png

 لەنێوان دوو ڕوبار

ئەم پرۆژەیە چیە؟

پڕۆژەی لەنێوان دوو ڕوبار، پرۆسەیەکی گەڕان و هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن و دۆزینەوەی خود لەنێو ئەو شوێنەی کە تێیدا بەشێوەیەکی خۆنەویستانە دێینە بوون، لەڕێگەی ئەزموون و بەرکەوتەکانم بە کلتور و مێژوو و زۆرێک لە پرسە گشتییەکانی ژیانکردن، جیاوازی نێوان گێرانەوەکان و ستریۆتایپەکانی نێو کۆمەڵگە و ئەو پرسیارانەی لەبارەی شوناسەوە بۆمان دروست دەبن.

شێوازی 'چیرۆکی گرافیکی گونجاوترین ڕێگەبوو بۆ نیشاندان و بەرجەستەکردنی کۆنسێپتی پرۆژەکە. لە هەمان کاتدا نەبوونی چیرۆکی گرافیکی بە زمانی کوردی و ئەو بۆشاییەی کە لەنێو هونەری کوردیدا هەیەتی، پاڵنەربوون بۆ هەڵبژاردنی ئەم شێوەیە و نووسینەوەی ڕوداوەکان بە زمانێکی زۆر سادە.

پشتگیری کراوە لە لایەن سپۆت لایت-عێراق 

چی دەڵێن دەربارەی پڕۆژەکە؟

بە دە بیرەوەری دەستی پێکرد کە لەسەر کاخەز کێشرابوون. هەر بیرەوەرییەک لە سێ بەش پێکهاتبوو: یەکەم، ئەزموونی ئێستەی شێوەکارەکە؛ پاشان ئەو چیرۆکانەی کە بە منداڵی لە خێزانەکەیەوە گوێی لێیان بووبوو؛ دواجاریش، ئەو چیرۆکانەی لە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە و لێکۆڵینەوە و مێژوونووسانەوە کۆیکردبوونەوە. کاتێک ئەو پەڕەیە زیاتر بوو و بوو بە چەند چاپتەرێک و پاشانیش بوو بە گرافیک نۆڤڵێک بە ناوی 'نێوان دوو ڕووبار'، ڕوز محمد زۆر بە جوانی دۆکیومێنتی زنجیرە ڕووداویکی کردووە کە تێیاندا ڕووبەڕووی دوو چیرۆکی پێچەوانە دەبینەوە کە پێکەوە شووناسی ئەو درووست دەکەن.

 لە دیمەنێکدا ڕوز تەکسییەک دەگرێت تا بچێتەوە بۆ ماڵەوە. کاتێک دادەنیشێت، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن بە دایک و باوکی بڵێت دەیەوەێت گەشت بکات بۆ بەغداد و بەشداری لە ۆرکشۆپێکی کۆمیکسدا بکات. لە هەمان کاتدا ئاگاداری هەراسانکردنی شۆفێری تەکسییەکانیشە. لە دوور گوێی لە دەنگی مەلای مزگەوتێکی ئەو نزیکانەیە کە باس لە ڕێگە نەدانی کچان دەکات بۆ چوونە دەرەوە وەک ئەرکێکی ئاینی. کاتێک هەموو ئەم توخمانە دەڕژێنە ناو یەک چرکە سات و یەک لاپەڕەوە، ڕوز بیر لە داهاتوو دەکاتەوە و دەپرسێت: بڵێیت خێزانەکەم پاڵپشتیم بکەن؟

 لە ناواخنی هەر چیرۆکێکدا کە تەمەن دەیهێنێت، گۆڕانێکی داهێنەرانە هەیە کە ڕێگە بە کاراکتەرەکە دەدات لە پێستە گەنجەکەی بێتە دەرەوە بۆ ناو جیهانە جیاوازەکە. لەم چیرۆکەدا، ڕوز لە بەغدادەوە دەست پێدەکات. لە ژێر مۆنومێنتی ئازادی لە گۆڕەپانی تەحریر دەوەستێت، پۆلیسێکی عێراقی لە ڕوز نزیک دەبێتەوە و داوای ناسنامەکەی دەکات. ڕوز لە ناوەوە توشی دڵەخورپە دەبێت لەوەی دەبێت پۆلیسێکی عێراقی چۆن مامەڵە لەگەڵ کوردێکدا بکات. کاتێک پۆلیسەکە دەست دەکات بە قسەی خۆش و گاڵتە، ترسەکانی ڕۆز ڕووبەڕووی چیرۆکێکی نوێ و ئەگەری نوێ دەبنەوە. لە کاتی ئەم دیمەن و گەشتە جوانەدا، ئەگەر چی لە ناویشەوەیە، ڕوز بیر لەو چیرۆکانە دەکاتەوە کە کە وڵات و ئاین و شوناسە جێندەرییەکانی ئەویان دیاری کردووە.

 زۆر شێوەکاری گەنجی وەک ڕۆز کار لەسەر بنیاتنانەوەی ئەو ڕێڕەوانە دەکەن کە لە مێژە تێکشکاون. 'نێوان دوو ڕووبار' چەند ئامرازێک دابین دەکات بۆ ڕەچاوکردنی چەندین بژاردە بۆ دروستکردنی چیرۆکی نوێ، لە کاتێکدا کورد و عەرەب، یاخود وەک ژن یاخود هەر ئاستێکی شوناس کە دەشێت هەمانبێت. کتێبەکە بۆشاییەک دەکاتەوە بۆ بنیاتنانی یەکێتییەک، بۆ ناسینەوەی خەمە هاوبەشەکانمان.

 

-شەوق ئالانی

bottom of page